سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان: رۆژ نیە دە پیاو لە لایەن ژنەكانیان توندو تیژیان بەرامبەر نەكرێت و لای ئێمە سكاڵانەكەن
لەگەڵ ئەوەی پرسی توندو تیژی دژ بە ژنان ساڵانە دەیان چالاكی جیاجیای لەبارەوە دەكرێت و لە میدیاكان كەمپینی دژ بە رووبەروو بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت بەڵام سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان رایدەگەیەنێت توند و تیژی دژ بە ژنان زیادی كردووە رۆژانە دە سكاڵا تۆمار دەكەین.
بورهان فەرەج، سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، ڕای گەیاند: “لە ئێستادا حاڵەتەكانی توندوتیژیی دژی پیاوان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە ڕووی لەزیادبوون كردووە و پیاو هەیە ئەندامی نێرینەی لەلایەن ژنەكەیەوە بڕدراوە“. گوتیشی: “زۆر دەمێكە بە ئاراستەی ئەوەدا كار دەكرێت، وێنای پیاوی كورد وەكوو دێوەزمەیەك نیشانی ڕەگەزی مێینە بدرێت، بەڵام پیاو دێوەزمە نییه“.
سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان دەشڵێت:” : هەموو ڕۆژێك نزیكەی 10 كەیسی توندوتیژیی بەرامبەر پیاوان لە ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستان تۆمار دەكرێن، بەداخەوە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە دۆخی پیاوانی كورد باش نییە! پیاو هەیە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە دەست بەسەر سەروەت و سامانەكەیدا دەگیرێت، پیاو هەیە توندوتیژیی بەرامبەر دەكرێت و منداڵەكانی لێ وەردەگیرێتەوە، پیاو هەیە بە هاوكاریی كەسانی دیكە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە دەكوژرێت، ئەگەر ئێمە سەیری ئەو كەیسانە بكەین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی، كە دۆخی خێزانی كوردی و ڕەگەزی نێرینە هیچ باش نییە!