بوردومانی پاڵاوگە نەوتیەکانی سعوودیا و سەردانی نوێنەرانی حووسی بۆ تاران لە یەک کاتدا بووە
ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حووسیەکانی یەمەن بڵاویان کردەوە ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ملیشیاکانی حووسی ، پاڵاوگەو عەمباری نەوتی سعوودیایان کردۆتە ئامانج ، لەو کاتەی وا نوێنەری حووسیەکان لە تاران چاویان بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و چەند ولاتێکی ئەرووپایی کەوتووە .
رۆژی شەممە تلویزیۆنی ( المسیرە ) ی سەر بە حووسیەکانی یەمەن ڕایگەیاند ناوچەیەکی رۆژهەلاتی سعوودیایان کردۆتە ئامانجی مووشەکی لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیانەوە ، ئەو ناوچەیە کە پاڵاوگەو عەمباری نەوتی سەر بە کۆمپانیای ( ئارمکۆ ) ی سعوودیایە ناسراوە بە ( شەیبە ) لە نزیک سنووری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی .
حووسیەکان پێیان وایە گرینگترین هێرشیان لە قوڵایی خاکی سعوودیا ئەنجام داوە ، بەڵام سعوودیا رایگەیاند تەنیا بۆتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بچوک و کیشەی بۆ پاڵاگەکە دروست نەکردووە .