بەرپرسی نووسینگەی مەکتەبی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان دەستی لە کار کێشایەوە
جوتیار جەبار کەریم لێپرسراوی جێگری سکرتێری یەکێتی نشتیمانی کوردستان ، لە دووای هەڵڕشتنی سکاڵایەکی دڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نامەی دەست لە کارکێشانەوەی بە فەرمی ئاراستەی کۆسرەت ڕەسول عەلی کرد .
جوتیار جەبار کەریم لە پۆستی فەیسبووکی خۆیدا دەنووسێت ماوەی ساڵێکە تووشی شێرپەنجەی جگەر بووم ، بۆیە ناچار بۆ وەرگرتنی عیلاج سەردانی دەرەوەی وڵاتم کرد ، لە لایەن ئیدارەی گشتی یەکیەتی تەنیا 10 هەزار دۆلارم بۆ سەرف کرا و ناچار ئۆتۆمبێلەکەی خۆمم فرۆشت ، چوونکە ئەو بڕە پارە بەشی هاتووچۆی نەخۆشخانەشی نەدەکرد .
جوتیار جەبار کەریم لە هەمانکاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگادارە زۆر لەو پارانە زیاتر سەرفی تەنیا سەفەری هەندێک کەس کراوە بۆ رابوواردن لە لوبنان و تورکیا .
سەبارەت بە گەڕانەوەشی لە ناچاریدا باس لەوە دەکات ، دووای پرس کردن بە کاک کۆسرەت رەسوڵ عەلی گەڕاوەتەوە کوردستان و لە دووای گەڕانەوە داوای ئۆتۆمبێلێکی بە ئەمانەت کردووە تا بتوانێت رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەی پێبکات ، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێداوە لە دووای 36 ساڵ خزمەت کردن کە 33 ساڵی ڕاستەخۆ لە خزمەتی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلیدا بووە ، پێیان ڕەوا نەبینیوە ئۆتۆمبێلێک لەو دەیان ئۆتۆمبێلەی لە پارکینگەکانیان دایە بە ئەمانەت بیخەنە بەر دەستی .
هەر بۆیەش بەوپەڕی نائومیدی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ئاراستەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەکات .