بەغدا بڕیارێكی نوێی لەبارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەكانی ھەرێمی كوردستان ده‌ركرد

بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی بەغدا بڕیارێكی نوێی لەبارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەكانی ھەرێمی كوردستان دا، بەپێی بڕیارەكە لەمەودوا ھاووڵاتیانی شارەكانی دیكەی عێراق، ئۆتۆمبێلەكەیان كە تابلۆی شارەكانی ھەرێمی كوردستان بێت ناتوانن بیگۆڕن بۆ تابلۆی شارەكانی دیكەی عێراق.

عەمید عەمار وەلید، بەڕێوبەری راگەیاندنی هاتووچۆی بەغدا بە كوردستان24 راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی بڕیاری ژمارە 68 دایە، بۆ گۆڕینی خاوەندارییەتی ئۆتۆمبێل، جاران بە وەكالە ئەو ھاووڵاتیانەی لە ھەرێمی كوردستان دەژین دەیانتوانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان لە شارەكانی ھەرێمی كوردستانەوە بگۆڕن بۆ تابلۆی شارەكانی دیكەی عێراق، بەڵام ھەندێك كێشەی یاسایی و ئەمنی دروست دەكرد، بۆیە بڕیاردرا كە لە ھەرێمی كوردستان ئەو ئۆتۆمبێلانە بەناوی خۆیان بكەن، نەك ئەو مامەڵانە لە بەغدا بكرێن، ئێستا مامەڵەی گۆڕینی تابلۆ لە بەغدا راگیراوە بەھۆی ئەو قەرەباڵغیەی لە بەڕێوەبەرایەی ھاتووچۆی بەغدا ھەیە.

راشیگه‌یاندووه‌ ئێمە لاریمان نییە لەوەی ھەر ھاووڵاتییەك خەڵكی بەغدا و بەسرا و شارەكانی دیكەی عێراق بێت و بچن لە ھەرێمی كوردستان ئۆتۆمبێل بەناوی خۆیان بكەن، بەڵكو ئێمە كێشەمان لەگەڵ گواستنەوە و گۆڕینی تابلۆ ھەیە لە شارەكانی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا.

Back to top button