به‌ریتانیا داوا له‌ بارزانی ده‌كات بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا بخاته‌ڕوو

خواكوڕك

ڕۆی ستیوارت وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی بریتانیا له‌ میانی دیدارێكی دا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كوردستان داوی كردووه‌ كه‌ بارزانی بۆچوون و پێشنیاری خۆی له‌باره‌ی دابینكردنی سه‌قامگیری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بخاته‌ڕوو.

مالپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 3/12/2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕۆی ستیوارت وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فرانك بەیكر باڵیۆز و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكارانی باڵیۆزخانەی بریتانیا لە عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی مالپه‌ڕه‌كه‌، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بریتانیا، ستایشی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد‌ بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر، هه‌روه‌ها پاراستنی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و هاوكاریكردنی خه‌ڵكی ئاواره‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و بووه‌ته‌ باشترین په‌ناگه‌ی هێمن و ئارام بۆ ژیانیان.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یشدا، باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی دوای ئازادكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ مووسڵ و دووره‌وبه‌ری كرا، به‌تایبه‌تی له‌‌ڕووی هاوكاری كردنی ئاواره‌كان و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌ و په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان له‌و ناوچانه‌دا.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا شاندی بریتانیا سه‌رۆك بارزانی-یان له‌ سیاسه‌ت و بۆچوونی بریتانیا له‌باره‌ی ئاینده‌ی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و دابینكردنی سه‌قامگیری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاگادار كرده‌وه‌ و داوایان له‌سه‌رۆك بارزانی كرد، بۆچوون و پێشنیاری خۆی له‌مباره‌یه‌وه‌ بخاته‌ڕوو.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی وێڕای ئاماژه‌دان به‌ پێویستی دڵنیاكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ ئاینده‌ و چاره‌نووسی خۆیان، سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌مه‌ڕ قۆناغی دوای داعش بۆ شاندی میوان شیكرده‌وه‌.

Back to top button