پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان: داواكاریەكەی سەرۆكی پەرلەمان لە لاهور جەنگی بۆ بەشداری هەڵمەتی ژینگەیی بچووككردنەوەی پەرلەمان بوو
دوای ئەوەی لە هەڵمەتێكی ژینگە پارێزی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چالێنجی ئەندامێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد كە بەشداری هەڵمەتەكە بكات, داواكاریەكەی سەرۆكی پەرلەمان كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا, بە جۆرێك ئەندامێكی پەرلەمان دەلێت : سەرۆكی پەرلەمان بەو داواكاریە پەرلەمانی بچووككردەوە.
ڕزگار محەمەد، پەرلەمانتارلە فراكسیۆنی گۆڕان ڕاگەیاند: ”ئێمە هیوادارین داواكارییەكەی ڕێواز فایەق بۆ لاهوور جەنگی داواكارییەكی كەسی بێت نەك لەسەر ئاستی پەرلەمان و وەك سەرۆكی پەرلەمان ئەو داواكارییەی كردبێت چونكە لاهوور جەنگی لەو ئاستە نیە كە سەرۆكی دامەزراوەیەكی باڵای وەك پەرلەمان داوای ناشتنی نەمامی لێ بكات“
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان دەشڵێت: نەدەبوو ڕێواز فایەق، پەرلەمان بهێنێتە ئاستی خوارەوە بۆ ئەوەی داوا لە كەسێكی وەك لاهوور جەنگی بكات ”كە هیچ پێگەیەكی حزبیشی نییە و نە ئەندامی سەركردایەتی و نە مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، نە لە حكوومەتیش پێگەی هەیە“.
بۆیە ئەو كارەی سەرۆكی پەرلەمانی بە ”نەشیاو“ لەقەڵەم دا و ئاماژەی بەوە كرد كە ڕێواز فایەق بەم داواكارییە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، لە كاتێكدا دەبووایە لەخۆی بپرسێت كە بۆچی داوایەكی ئاوا لە لاهوور جەنگی دەكات.