به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بۆ جیهان هه‌یه‌

خواكوڕك

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان، هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات چونكە قەیرانێكی قوڵی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 3/12/216 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ڕۆری ستیوارت وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە فرانك بێكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و كونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك دیپلۆماتكار و كارمەندانی وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی بەریتانیا پێكهاتبوون.

وه‌زیره‌كه‌ی به‌ریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و لەندەن دەربڕی و هەوڵ و هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە پێشوازیكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر پێش و دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنەوەی مووسڵ، بەرز نرخاند و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات چونكە قەیرانێكی قوڵی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌ریتانیا و كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە دەكرێ لە چەندین بواردا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكرێت. سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، دوا پەیامی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، بە دەستپێشخەرییەكی پۆزەتیڤ وەسف كرد، هەروەها پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ نیشان دا.

له‌لایه‌كیتر نێچیڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە هەر لە سەرەتای هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر هەرێم، لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكار بوون و هیوا خواست هاوكارییەكانیان بەردەوام بێت. ئاماژەی بەوەش دا كە بەریتانیا بەشێكی گرنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دژی داعش بووە و كاریگەریی لەسەر ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەولێر و لەندەنی دووپات كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە هەولێر ئامادەیە تەواوی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكات و بە شێوەیەك هەوڵ بدرێت فۆرمۆلێكی نوێ بدۆزرێتەوە بۆئەوە داهاتوو و پێكەوەژیان لە عێراق دابین بكات و متمانە لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكان دروست ببێتەوە بەتایبەت بۆ ئە ئاوارانەی كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە دەشتی نەینەوا.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند بابەتێكی پەیوەندار بە ڕەوشی ناوچەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button