شوان كه‌ریم زراری : پەرلەمانی كوردستان نرخی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆکان داده‌به‌زێنێت

ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێ، گفتووگۆكانیان له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای تاپۆكردنی خانووی سه‌ر زه‌وییه‌ زێدەڕۆكان به‌رده‌وامه‌ و تێبینییان له‌سه‌ر نرخه‌كان هه‌یه‌ و بڕیاره‌ نرخه‌كان بۆ كه‌مترین ئاست دابه‌زێنن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند بێت.

شوان كه‌ریم زراری ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە ده‌زگای میدیایی “خواكوڕك”ی راگەیاند، گفتوگۆكانی لیژنه‌ی شارەوانی له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی راپۆرتی پڕۆژه‌یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێك خاڵ هه‌یه‌ پێویستی به‌ ورده‌كاری و گۆڕانكاری هه‌یه‌.

زراری زیاتر روونی دەکاتەوە، خه‌ڵک گله‌ییان له‌سه‌ر نرخه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كان دابه‌زێنین چونكه‌ به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌ نرخی هه‌ر مه‌ترێك زه‌وی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌وانی شارۆکە و شارەدێکان 40 هه‌زار دیناره‌ و له ‌پارێزگاكانیش 60 هه‌زار دیناره‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت نرخه‌كه‌ دابه‌زێنین بۆ كه‌مترین ئاست بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانن پاره‌كه‌ بدەن.

زراری گوتی بڕیاری تاپۆكردنی خانووی سه‌ر زه‌وییه‌ زێدەڕۆكان هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو شاره‌وانییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وانییه‌كان ناگرێته‌وه‌، هه‌ركاتێك راپۆرتی خۆمان ئاماده‌ كرد ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سند ده‌كرێت.

 

 

 

Back to top button