سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عێراق پشت لە ئێران دەكەن و لە راگەیێندراوێكدا رایدەگەیەنن شەڕی بە وەكاڵەت بۆ هیچ لایەنێك ناكەن


دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو وا راگەیێندرا كە فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل كۆگایەكی گەورەی چەكی ئێران لە عێراق و كۆگاكانی دیكەی چەكی حەشدی شەعبیان تەقاندەوە ئەمرۆ سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عێراق  لەو بارەیەوە راگەیێندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە
دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ هەریەك لە بەرهم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و موحەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لەكۆشكی سەلام لە بەغدا-ی پایتەخت كۆبونەوەو سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمدواییەی عێراق و دۆخی ئاسایش و تەقینەوەی گەنجینەكانی چەك راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.
لەكۆبونەوەكەدا، جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەلایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كرایەوە، كە شارەزاییان لەلێپێچینەوە لەروداوی تەقاندنەوەی گەنجینەكانی چەك هەیە كە لە ماوەی رابردودا رویاندا.
ئەوەش دوپاتكرایەوە كە عێراق بەردەوامدەبێت لەپابەندبونی بە پەیمانی سیاسەتی یەكبونی نیشتیمانی لەبارەی گەشەسەندنەكانی ئاسایشی ناوچەكە، كە لەو پەیماننامەیەدا جەخت لەسەر یەكبونی سیاسەتی ناوخۆ و پابەندبون بە سەروەری خاكی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری دەكاتەوە، هاوكات سیاسەتی دروستكردنی پشێوی لە وڵات و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر هەر وڵاتێكی دراوسێی رەتدەكاتەوە.
لەراگەیەندراوەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە عێراق و سەرجەم دامەزاروەكانی بەهەموو شێوەیەك و هەمیشە ئەنجامدانی جەنگ بە وەكالەت لەگەڵ هەر هەوڵێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ تێوەگلانی عێراق لەململانێ و جەنگ رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا عێراق پێشتر رایگەیاندوە لەپێناو ئاشتی و پێشكەوتن و هاوكاری نێوان هەموان، هەوڵی بینینی رۆڵێكی دانوستانكار و نێوەندگیر دەدات لە ناوچەكەدا.
سەبارەت بە پاشماوەی چەكدارانی داعش، كە لە ئێستادا بەشێكیان لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق خۆیان حەشارداوە، سێ سەرۆكایەتیەكە رایانگەیاندوە “گرنگە هێزەكانی ئاسایش و دەزگاكانی هەواڵگری بەدواداچونی بەردەوام و ورد ئەنجامبدەن، بەمەبەستی دەستنیشانكردنی پێگەكانیان و هەر هەلێك كە بۆیان بڕەخسێت چالاكی تێدا ئەنجامبدەن تێكبشكێنرێت”.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، رۆڵی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە سوپای عێراق و پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی شەعبی بەرز نرخێندراوە لە جەنگەكانی دژ بە تێرۆر و قوربانیدانیان بە ژیانیان بۆ ئەو بابەتە، جەختیش لەسەر هەژماركردنی حەشدی شەعبی لە ریزەكانی هێزی بەرگری نیشتیمانی كراوەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت سەرجەم دامەزراوە سەبازی و ئەمنی و سیاسیەكان لەچوارچێوەی رێساكانی دەستوردا پابەندبن بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.
Back to top button