بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە بەرانبەر مووچەخۆران جێبەجێ دەكرێت
بەرپرسێكی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات، مۆڵەتی شوفێری گشتی دوای جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێتەوە.
فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، دوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەدەغەكردنی كاری شوفێری تەكسی لە فەرمانبەران، ئەوا مووچەخۆران پابەند دەكرێن، بەپێی بڕیارەكە كە لە ڕۆژی یەكی ئەیلوول دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بۆیە لە كاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری ئەوا مۆڵەتەكان لە گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ تایبەتی.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری دا كاری شوفێری تاكسی لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان قەدەغە بكات لە یەكی حوزەیران، بەڵام دواتر ئەو وادەیە درێژ كرایەوە بۆ یەكی ئەیلوول.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 هەزار تاكسی هەیە و ژمارەیەكی زۆری ئەو تاكسییانە لە لایەن فەرمانبەرانی حكوومەت كاریان پێ دەكرێت.