پارێزگاری هەولێر: ھەموو پڕۆژە ڕاگیراوەکان تەواو دەکرێن

حکوومەتی ھەرێم خەریکی کۆکردنەوەی داتای پڕۆژە ڕاگیراوەکانە وپارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، بڕیارە کارکردن لە ھەموو ئەو پڕۆژانەدا کە بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە ڕاگیراون، دەست پێ بکاتەوە.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعشەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا قۆناغی دژوارمان بەڕێ کرد و بەھۆی شەڕی داعشەوە بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری ڕاگیران، بەڵام ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان و بڕیارە ھەموو ئەو پڕۆژانە تەواو بکرێن، حکوومەت ھەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکردنی داتا و لیستی پڕۆژەکان و بڕیارە دوای تەواوکردنیان بەپێی پێویست دەست بە تەواوکردنی پڕۆژە ڕاگیراوەکان بکرێت، کە ژمارەیان لە ھەرێمی کوردستان ھەزاران پڕۆژە دەبێت.

پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھادی گوتی: ئێستا قۆناغێکی نوێ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێ کردووە و ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێین، ئێمە چاوەڕێی ھەنگاوی باشتر لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانمان لەگەل بەغدا دەکەین.

 

Back to top button