ئومێد خۆشناو: فراكسیۆنی پارتی بەشداری لە شاندەكەی پەرلەمان بۆ كەركووك ناکات

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەوان پێیانوایە ئێستا كەركووك لە دۆخێكی نائاسایدایە، بۆیە بەشداری لەو شاندەی پەرلەمان ناکەن کە بڕیارە بچێتە شارەکەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: دەستپێشخەرییەك كراوە تا سەردانی كەركووك بكرێت، بەڵام ئەم سەردانە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك نییە و بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دۆخەكە ئاسایی نابێتەوە“.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕەتی كردەوە كە فراكسیۆنی پارتی بەشداری لە سەردانەكەدا بکات. گوتیشی: بەدڵنیاییەوە لەو سەردانەدا بەشدار نابین، چونكە فراكسیۆنی پارتی پێیوایە ئێستا كەركووك لە دۆخێكی نا ئاساییدایە.

خۆشناو ئەوەشی نەشاردەوە کە چوونی شاندێك بەم شێوەیە، بە جۆرێك لە جۆرەکان، دان نانە بەو واقیعەی بەسەر کەرکووکدا سەپێندراوە، لە کاتێکدا ”لای ئێمە ئەو واقیعە رەت دەکرێتەوە“.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

 

 

 

Back to top button