سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول كۆبۆوە

ڕۆژی سێشەممە 27ـی 8ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوولی سنووری لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول كرد لە بەرانبەر ئەو كار و چالاكییانەی كە لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوار و یادگارییەكانی شۆڕشی ئەیلوول ئەنجامیان داوە و بە ئەركێكی پیرۆزی لە قەڵەم دا و، هیوای سەركەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن.

لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە پاراستنی ئەو بەها و دەستكەوتانە كردەوە كە بە خوێن و خەباتی میللەتەكەمان هاتووەتە دی و ڕاشیگەیاند پێویستە بەهاكانی گەلەكەمان بە زیندوویی ڕابگیرێن و ئەركی هەموو لایەكیشمانە كە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە كە ئامانجیان تێكدانی فەرهەنگ و بەهاكان و بێڕێزیكردنە بە سەروەرییەكانی گەلی كوردستان.

11 

Back to top button