کۆشکی سپی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس بڵاو دەکاتەوە

کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (کۆشکی سپی)، ناوەرێکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بڵاو دەکاتەوە.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا، ناوەڕۆکی پەیوەندییەتەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنسی بڵاو کردووەتەوە، کە بریتی بوون لە؛

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیێندراوی کۆشکی سپی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا

مایک پێنس، جێگری سەرۆک، ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆک، پێنس، باسیان لە دۆخی ئەمنی لە باکووری عێراق لە نێویاندا گرنگی بەرەوپێشبردنی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد، لە نێویاندا پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون.

پێنس، جێگری سەرۆک دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئاوارە مەدەنییەکان و بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی عێراق لە پارێزگاریکردن لەو کەسانە کە لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕ کاریگەری لەسەریان هەبووە.

هەردوو سەرکردە باسیان لە پێنجەمین ساڵڤەگەڕی هێرشە تۆقێنەرەکەی داعش کرد بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال، هەروەها بەڵێنیاندا کە هاوئاهەنگبن بۆ رێگریکردن لە هەر دەرکەوتنەوەیەکی چالاکی داعش.

جێگری سەرۆک جەختی لەوە کردەوە ئەمریکا نیگەرانە لەوەی میلیشیا پشتیوانلێکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامن لە لاوازکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق، هەروەها ئەمریکا بیر لە هەنگاوی دیکە دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئەم جۆرە گرووپانە. هاوکات باسی لە ناساندنی ”گلۆبال مەگنتیسکای” (یاسایەکە، بەهۆیەوە ئەمریکا دەتوانێت لە هەموو جیهاندا سزای ئەو کەسانە بدات کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن، ئەمەش لەرێگەی سڕکردنیان، هەروەها رێگەیان لێدەگرێت بچنە نێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەتوانێت چەندین سزای دیکەشیان بدات) ئەمریکای لە 18 تەممووز کرد بۆ ناساندنی سەرکردە میلیشیاکان لە بەرپرسیاربوونیان لە بێڕێزیکردن بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە باکووری عێراق.

سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆک، پێنس، باسیان لە دوایین ئەو بەرەوپێشچوونانەش کرد کە لە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەدەستهاتوون، جێگری سەرۆک رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەکاتی خۆیدا دەکات، لەنێویاندا کێشەی بودجە و فرۆشتنی نەوت. سەرکردەکان هەروەها باسیان لەو دەرفەتانە کرد کە دەبنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی هاوبەشیی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، لە نێویاندا ئابووری و ئاسایش.

 

Back to top button