پیری ئاخر شەڕ
كامەران كوردی
سرۆشتی سیاسەتوانی سەر راست و دڵسۆزی میللەت و گەلەكەی بە جۆرێكە تا بە تاقەت و لە كۆڕی خەباتدا بێت، تێدەكۆشێ و دواتریش كە تەمەنی هەڵكشا، چاوەڕوانیی قسەی خێر و ئامۆژگاری باش و هەڵوێستی خەمخۆرانەی لێدەكرێ. هەوڵ دەدات ئەزمون و تەجروبەی خۆی بە ئەمانەت و راستگۆیانە و دوور لە رق و كۆنەقین و شەڕانگێزی بۆ گەلەكەی و تێكۆشەرانی نوێ تۆمار بكات، تا مەرگ و ماڵئاواییش هەر لە خەمی تەبایی و ئاشتیەوایی نێو رۆڵەكانی میللەتەكەیەتی.
بەڵام كورد گوتەنی ( خووی شیری تەرك ناكرێ بە پیری) وای لە كەسێكی وەك بەهادین نوری كردووە كە بەم كۆتایی تەمەنەشەوە هێشتا هەر خەریكی بوختان و قسەی خراپ و ئاژاوەگێڕی و هەڵگێڕانەوەی راستییەكان بێت. ئەو كە هەر لە گەنجێتییەوە بە سیاسییەكی لاسار و كەم ئیلتیزام ناسراوە و لەوەتای هەیە بۆ حزبەكەی خۆیشی كە حزبی شیوعییە هەر بەڵا و سەریەشە بووە، بەم دواییەش كە سەری لە گوێی قەبر ئەلەرزێ، لە جیاتی ئەوەی بە خۆیدا بچێتەوە و ئارام بێتەوە و كز دانیشێ و چاوەڕێی رەحمەتی خوا بێت، هەر رۆژە و پەلاماری لایەك دەدات و هەر جارە بەند و باوێكی زیانبەخش دێنێتەگۆڕێ و برینێك دەكوڵێنێتەوە و هەر خەریكی فیتنەكارییە.
بە داخەوە بایی هێندەش میدیای نامەسئول و ئاژاوەگێڕ و گومانلێكراو هەن كە بەردەوام لە بن گوێی دەخوێنن و دەیخەنە قسە و ئیستغلالی خەڵەفاوی و تێرتەمەنیی دەكەن و هەوڵ دەدەن قسەی خراپی بەدەمدا بێنن.
ئەم لێدوان و بۆڵە بۆڵ و بوختان و پەلامارانەی بەهادین نوری نە هیچ لە راستییە مێژووییەكان دەگۆڕن و نە كەسیش بە قسەی خەڵەفاوێك لە خشتە دەچێت، بەڵام خودی بەهادین نوری كە بە داخەوە نە قیمەتی تەمەن و ماندووبوونی خۆی دەزانێ و نە دەیەوێت وەك ناوێكی رێز لێگیراو بچێتە نێو مێژوو، بەم بەدكارییە وەك پیرێكی ئاخر شەڕ، تەنیا رەنجی خۆی بە با دەدات و هیچی تر.