پێدانی مووچەی كەمئەندامان ڕاگەیەنرا
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی دەكات لیژنە پێكبهێننەوە بۆ دووبارە دابەشكردنی فۆڕم بۆ كەمئەندامان و پسوولەی پارە پێدان.
ئەمڕۆ چوارشەممه، بەپێی نووسراوێكی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێیدا هاتووە، بۆ ئەو كەمئەندامانە لە لیژنەكان دەرچوونە، لیژنەیەك لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی پێك دێت بۆ بینینی كەمئەندامان و پسوولەی پێدانی مووچەیان پێ دەدرێت، داوا لە سهرجهم بەڕێوەبەرایەتییەكان كراوە ئەو ڕێكارانە بگرنەبەر كە ئامادەكردنی شوێنێكی گونجاوە بۆ بینینی كەمئەندامان و دانانی نوێنەری ئەو دوو وەزارەتە بۆ لیژنەكە و ئامادەكردنی پسوولەی كەمئەندامی بەمۆر و واژووی بەڕێوەبەرایەتییەكان.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوو 14 هەزار كەمئەندام لە لیژنەكان دەرچوون و بەم نزیكانە مووچەكانیان پێ دەدرێتەوە، بەوەیش ژمارەی كەمئەندامان دەبێت بە 94 هەزار كەمئەندام.