پۆلیسی سلێمانی: باندێكی بازرگانی كردن بە جەستەی مرۆڤمان دەستگیركرد
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو پۆلیسی سلێمانی رایگەیایاند لە سلێمانی كەسێك رفێندرا و دواتر لە دەستی رفێنەران ئازاد كراو رفێنەرانیش دەستگیر كران, ئەمڕۆ پۆلیس رایگەیاند باندێكیان دەستگیركردووە كە بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤ كردووە.
ئەكرەم قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لە هەڵمەتەكانی گەڕان و پشكنین توانراوە 29 تۆمەتبار دەستگیر بكرێن كە دزیان لە ماڵ و ماركێتەكان كردووە, هەروەها گوتیشی, تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە دەستگیركراوە، كە ساڵی رابردو بەبڕی 390 هەزار دۆلار مۆبایلی بردووە بۆ توركیا و لەئێستا دەستگیركراوە”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی رایگەیاند، سێ تۆمەتباری دیكە دەستگیركراون، كە كاری بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە بەتایبەت گورچیلەی مرۆڤ و بەڕەزامەندی هاووڵاتییەكان خۆیان بوە، بەڵام بەپێی یاسا بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە قەدەغە كراوە و دووان لە تۆمەتبارەكان بەڕەگەز عەرەبن و لەئێستادا بەندكراون.