سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە
ڕۆژی چوارشەممە 28ـی 8ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوایین گۆڕان و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی تازەی پارلەمان لە چاودێریكردنی كاروباری حكوومەت دووپات كردەوە و ئەوەیشی خستە ڕوو كە پێویستە پارلەمانی تازە كار بۆ بەردەوامی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان بكات و پڕۆسەی چاكسازی و هەروەها ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر پڕەنسیپی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان دەستەڵاتەكان ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و بەهێزكردنی دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك بارزانی هێمایشی بە بایەخ و گرنگیی دامەزراوەی پارلەمان دا و جەختی لەوە كردەوە كە دەستەی سەرۆكایەتی موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نیە بەڵكو موڵكی گەلی كوردستانە.