نێچیرڤان بارزانی: پێویسته گفتوگۆ بكرێت ‌له‌باره‌ی داهاتووی حوكمڕانی عێراق

خواكوڕك

به‌پێی راگه‌یانراوێكی حكه‌مه‌تی هه‌رێم، ئەمڕۆ یەكشەممە 4/12/2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز پاتریك كرم جێگری سەرۆكی هەرێمى (ئێل دوو فرانسی) فەرەنسی و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

له‌راگه‌یانراوه‌كه‌ هاتووه‌، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و پێشكەوتنەكان و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیووە. شاندە فەرەنسییەكە ئاماژەیان بەوەكردووە، بەرگریی پێشمەرگە لە هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بەتایبەتی لە كریستیان و كوردانی ئێزدی، جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

nb_shandi_ferensi1_4-12-2016__2016_12_04_h15m54s15__se

هه‌ر له‌ راگه‌یانراوه‌كه‌ هاتووه‌، شاندەكەی هەرێمی “ئێل دوو فرانسی” فەرەنسی باسیان لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، پرۆژەی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی دوای ئازادكرنەوەی موسڵ و شێوەی پەیوەندییەكانی داهاتووی هەولێر لەگەڵ بەغدا، كردووە. هەروەها ئایندەی ئەو پێكهاتانەی لە ناوچەكە دەژین، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بووە.

له‌م باره‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەتی فەرەنسا و هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشدا، خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر داعش توانیان بەرگری لە كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و جیهانی ئازاد و بنەماكانی مرۆڤایەتی بكەن.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی ئەوەیە پێكهاتە جیاوازەكان، كە رەگ و ریشەیەكی مێژووییان لەو وڵاتە هەیە، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، بەڵكو دەبێت بەردەوام بن لەسەر پێكەوەژیانی برایانەـ كە كوردستان شانازییەكی گەورەی پێوە دەكات و، لەوبارەیەشەوە داوای لە شاندی فەرەنسی كرد هاوكار بن.

لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ شاندە فەرەنسییەكە، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پرسی سەربەخۆیی كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە، گەلی كوردستان وەك مافێكی رەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەكات. لەوبارەیەشەوە دووپاتیكردەوە، پێویستە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بكرێت.

سەبارەت بە ئاییندەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە “چەند ساڵی رابردوو ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی دژی داعش بووە، بەڵام دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حكومڕانی و داهاتووی عێراق بەگشتی بكرێت بۆئەوەی هەموو پێكهاتەكان بتوانن لەم چوارچێوەیەدا بژین”.

هەر سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكان، نێچیرڤان بارزانی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و كێشە ناوخۆییەكانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ دووپاتكردەوە، لەو بارەیەوە رۆڵی ئەرێنیی فەرەنسای لە پشتگیریی یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان بەبیرهێنایەوە.

Back to top button