به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌نته‌ری ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ كۆیه‌ ده‌كرێته‌وه‌

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ سه‌رجه‌م قه‌زاكانیش ده‌كرێته‌وه‌.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ تویته‌ره‌وه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، “به‌ فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ كه‌رتی گشتی، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا شاره‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵكو هه‌موو شارۆكه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیار دراوه‌، سه‌نته‌رێكی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ شارۆكه‌ى كۆیه‌ بكرێته‌وه‌”.
وه‌زیری ناوخۆ ئاشكراى كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ شارۆكه‌كانى زاخۆ و سۆران و ئاكرێ سه‌نته‌ری ده‌رهێنانی پاسپۆرت بكرێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی، بریتییه‌ له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی گشتی به‌ هه‌موو شوێنێك و دووپات له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ ته‌نیا شاره‌ گه‌وره‌كان ناگرێته‌وه‌.
Back to top button