ئالان حەمەسەعید : کەرتی خوێندنی ناحکوومی دهتوانێ هەلی کار بۆ 6 هەزار کەس بڕەخسێنێت
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر قوتابخانە، باخچە و پەیمانگایەکی ناحکوومی یاری بە نرخەکان بکات، سزا دەدرێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانە ناحکوومییەکان لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند بە جێبەجێکردنی بڕیار و فەرمانەکان لە کەرتی خوێندنی ناحکوومی دەکرێ هەلی کار بۆ شەش هەزار دەرچووی زانکۆکان بڕەخسێندرێت.
وەزیری پەروەردە لەمبارەوە لە لێدوانێکدا لەگەڵ کەناڵی )کوردستان ٢٤( گوتی: “ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ڕەخساندنی هەلیکار و جێبەجێکردنی یاسا لە قوتابخان حکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی وەزاریمان دەکرد و ئەمڕۆ بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوەبەری باخچە، قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆ بووینەوە و هەفتەی رابردووش ئەو کۆبوونەوەیە لە هەولێر بەڕێوە چوو”.
لەو کۆڕ و کۆبوونەوەوانەدا ڕوانگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ خستەن ڕوو کە یەکەم پشتیوانی وپاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردەدا، بەڵام بە گوێرە و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بن، بەتایبەت یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠١٢و ڕێنمایی ژمارەی یەکی ساڵی ٢٠١٦.
وەزیری پەروەردە ڕاشی گەیاند: “بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و فەرمانانەی وەزارەتی پەروەردە لە کەرتی خوێندنی ناحکوومی لە هەرێمی وکردستان دەتوانێ دەرفەتی کار بۆ لانیکەم شەش هەزار کەسی دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە دانەمەزراون، بڕەخسێنێت و پێشمان ڕاگەیاندوون ئەمە بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، ئیداری و نیشتمانیشە”.