كاردانەوەكان لەسەر سوتاندنی ئاڵای كوردستان زۆر تر دەبێت
خواكوڕك
پاش سوتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایان پەیەدەوە، مهسعوود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاو كردهوه لە پەیامەكەدا گوتی سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی خەڵكی خۆڕاگری شاری عامودا دەكەم، كە بەرگریكاری ڕەسەنایەتی و نیشتیمانپەروەری و بەها بەرزەكانی گەلی كوردستانن. دەستخۆشیتان لێ دەكەم كە بە پشوودرێژی و بەرخودانتان ئاڵای كوردستان دەپارێزن كە ئاڵای خوێنی شەهیدان و هێمای پێكەوەژیان و ئاشتیخوازییە.
لەبەشێكی تری پامەكەی دا گوتی، لەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە ڕێچكەی نیشتیمانپەروەری و گیانی كوردایەتی و ڕەسەنایەتی سەردەكەوێت و شەرمەزاری بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە كە ئاڵای كوردستان دەسووتێنن و گەنج و لاوی كورد ئەشكەنجە و ئازار دەدەن و، دواجار باجی ئەو تاوانانەیان هەر دەدەن.
هەر لەسەر كاردانەوەكانی سوتاندنی ئاڵای كوردستان سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕای دهگهیهنێت كه پەیەدە جارێکی تر لە عاموودا، رۆژئاوای کوردستان، ئاڵای کوردستانی سووتاندووە و بەئاڵای خیانەت و دوژمنانی کورد ھەژماری دەکەن، بەڵام ئەوان بەو كردهوانهیان ناتوانن ئێمە لە خەباتی مەدەنیانە بوەستێنن.
ئیبراھیم برۆ سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا راگەیاند: دوای ئەوەی پارتی یهكێتیی دیموكراتی پەیەدە ژمارەیەک سەرکردەی ئێمەیان دەستگیر کرد، بۆ ئازادکردنیان ئەنجوومەن بڕیاری سازدانی خۆپیشاندانێکی کرد کە وادەکەشی رۆژی ھەینی رابردوو بوو، لە کاتی سازادانی خۆپیشاندانەکە پەیەدە ھەندێک لایەنگری خۆی ھێنا بۆ ناو خۆپیشاندانەکە، ئێمهش بۆ ئەوەی شەر دروست نەبێت، خۆپیشاندانەکەمان دواخست، بەڵام لایەنگرانی پەیەدە ھێرشیان کردە سەر خەڵک و ئۆفیسی ئەنجوومەن و زیاتر لە 10 کەس بە بەرد و دار برینداربوون و ژمارەیەکیشیان دەستگیر کردین.
زیاتر گوتی: دوای ئەمە ھێرشیان کردە سەر ھەردوو نووسینگەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سووریا و یەکێتی دیموکراتیی کورد لە سووریا و ھەموو کەلوپەلەکانیان شکاندن.
برۆ ڕوونیشی کردەوە، ھەمان رۆژ بەشەوەکەی لە شاری عاموودا لە رۆژئاوای کوردستان ھێرشیان کردە سەر مەکتەبی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا و ئاڵای کوردستانیان ھێنایە خوارەوە و سووتاندیان، ئەمەش جاری یەکەم نییە ئەو کارە دەکەن، پێشتریش ئاڵای کوردستانیان سووتاندوە و لەسەریان نووسیووە گوتوویانه ئەمە ئاڵای خیانەت و دوژمنانی کوردە کە چەندان جار ئەم کارەیان کردووە، دوایین جاریش لە عاموودا بووە بەداخەوە.
باسی لەوەش کرد، ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، بەردەوام دەبین لەخەباتی مەدەنیانەی خۆمان وئەوکردەوانەی پەیەدە نابنە رێگر لەبەردەم ئێمە.