سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2019/9/1 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ جۆن ویلیكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق .

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جه‌یمس سۆرۆنتن كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌بوو. باڵیۆزی به‌ریتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گه‌شبینی و ئه‌رێنی پێشوازی له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك و گوتیشی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردندایه‌. خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی كه‌ ئێستا كه‌شێكی ئه‌رێنی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئارادایه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ ئاماده‌یی كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان كرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا گفتوگۆكان به‌رده‌وامن و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی راستدا ده‌ڕۆن و له‌یه‌كتێگه‌یشتنێكی باش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوو.

سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیاش كرد كه‌ ئاسانكاری زیاتر بكرێت بۆ هاتوچۆ و گه‌شتكردن له‌ نێوان هه‌ردوولادا به‌ تایبه‌تی بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ بتوانن سه‌ردانی به‌ریتانیا بكه‌ن. له‌م رووه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا روونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودا پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان خێراتر ده‌بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌ سه‌ر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش كه‌ ئێستا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق ده‌ستیان بۆ خۆرێكخستنه‌وه‌ و جموجۆڵ كردووه‌ته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ و رێگریش له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كات بۆ شوێنه‌كانیان.

بۆیه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان ، هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.

1

 

Back to top button