لەیلا عەبدولجەبار : ژمارەیەك لیژنە لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان پێك ھاتوون

ئەمڕۆ پشووی ھاوینەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت و پەرلەمانتارێكی پارتیش جەختی كردەوە، ھەموو توانایەك دەخەنە گەڕ بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و دەشڵێ، دوای پەسەندكردنی داھاتێكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و بەو داھاتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدرێت.

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكاتەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئێمە زیاتر گرینگی بەو پڕۆژەیاسایانە دەدەین، كە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ پڕۆژەیاسای چاكسازین، بەڵام ژمارەیەك لیژنە لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان پێك ھاتوون، كە خاڵ بە خاڵی نێو پڕۆژەیاساكە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت، بێگومان پێویستی بە رێككەوتنی لایەنەكانیش ھەیە لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی”.

لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه‌: بە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە قۆناغێكی دیكەوە لە ئەنجامدانی چاكسازی، چونكە داھاتێكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و تا رادەیەك ھەندێك ناعەدالەتی ھەیە نامێنێ، بە تایبەتی ئەوانەی چەند مووچەیەك وەردەگرن، ئەوە نامێنێ، ھەتا حكوومەتیش بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازی چاوەڕێ دەكات دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە دەستی پێبكات بۆ ئەوەی ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەكە نەمێنێت”.

 

Back to top button