سەرۆك بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووه‌وە

ڕۆژی یەك شەممە 1ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە لەسەر پرسە سیاسییەكان و تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق ئەنجام درا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ڕۆشنایی خستە سەر گرنگی و بایەخی ڕۆڵی پارلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەپێناو بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە وەك چۆن بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن بە هەمانشێوەیش بەرگری لە مافی هاووڵاتی و دانیشتوانی پارێزگاكانی عێراق بكەن.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و پەیوەست بە چۆنیەتی كاركردن و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی ڕەوشی سیاسی و كاری پارلەمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو و جەختیان لە پێویستیی هەبوونی هاوهەڵوێستی و هەماهەنگیی نێوان فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان كردەوە بە تایبەت لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە.

 

111

 

Back to top button