د. دیندار زێباری : هەموو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە ئازادن لە گەڕانەوە

ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسەر زاری بەرپرسی توێژینەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە بە سەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر دەگەڕێنرێنەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە حەویجە سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەو شوێنانە.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم رایگه‌یاند: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێننەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە هەمان کاتدا ڕێگریش نین لە گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان، چونكه‌ پێویسته‌ سەرەتا ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبایان بۆ دابین بکرێت، ئینجا بگەڕێنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە هەن و بۆ ڕەوشی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە مەترسییان ناوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ ژیان یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگرییەکانە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان”.

زێباری زیاتر گوتیشی: دانیشتووانی هەندێك لە گوندەکانی نەینەوا و ناوچەکانی ترى ماددەی ١٤٠ بەشێکی خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، هۆکاری سەرەکیش بوونی مینی چێندراو، بوونی شەڕی تایفی و، نەبوونی خزمەتگوزارییە لەو ناوچانە، بەڵام لە هەندێک لە گوندەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا کە بارودۆخ بۆ گەڕانەوە لەبارە، سەرەڕای ئەمانەش بەپێی ڕاپۆرت و داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و شەشسەد هەزار ئاوارە نەگەڕاوەنەتەوە سەر زێدی خۆیان، کە ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: “هەموو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، جگە لەو کەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، کە ئەوانیش بەپێی یاساکانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

Back to top button