رێناس جانۆ: چەند فراكسیۆنێكی كورد لەگەڵ شیعە رێككەوتوون
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەستكرا بە پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2017 ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت” پرۆژەیاسای بودجەی 2017ی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و كەركووك نییە”
رێناس جانۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كەناڵی رووداوی رایگەیاند:” لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیەكی چڕ و پڕكراوە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017 و هەروەها لە ناكاودا گفتوگۆكان و بڕیارەكان گۆڕانكاریان بەسەرداهات
ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی گوتیشی ” هاوپەیمانی نیشتمانی پرۆژەیەكی ئامادەكردووە، كە بەپێی پرۆژەكە نەوتی كەركووك دەدرێتە دەست بەغدا, ئەمڕۆ فراكسیۆنەكانی سەر بە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعەكان) و سەرۆكی كوتلەكانیان كۆبوونەوە و بڕیارێكیان دەركردووە، كە لە بەرژەوەندی نەوتی كەركووكدا نییە . بەداخەوە هەندێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش لەگەڵیان هاوڕان”.
رێناس جانۆ ئاشكرایكرد “بەپێی ئەو پرۆژەیەی كە داندراوە و هاوپەیمانی نیشتمانی ئامادەیكردووە، هیچ بۆ پێشمەرگە دیارینەكراوە، بۆ نموونە خەرجییەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لەسەر بودجەی سیادی عێراقە، بەڵام هی پێشمەرگەیان لەسەر بودجەی پشكی 17% داناوە”.
لەبارەی مووچەی پێشمەرگەش، پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت “ئێمە لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2017 قسەمان كردووە لەبارەی ئەوەی كە مانگانە عێراق مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە رەوانە بكات، بەڵام ئێستا ئەو داوایەی ئێمە مەترسی لەسەرە، چونكە ئەو ژمارەیە لەلایەن عێراق بە زۆر دانراوە، فراكسیۆنەكانی كوردستانییەكانی دیكەش تەنازولیان لەو داوایە كردووە و رێككەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی كردووە بۆ دەستكەوتی سیاسی و رێككەوتنی پشت پەردە”.