وەزارەتی شارەوانی لەسەر تەقەكردن لە فەرمانبەران هۆشداری دەدات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، “لە چەند رۆژی رابردودا چەند حاڵەتێكی نەخوازراو و تاوانكاری لە بەرامبەر چەند فەرمانبەرێكی شارەوانی رویداوە كە دوا حاڵەت تەقەكردن بو لە بەڕێوەبەری بەشی لابردنی زیادەرۆیی لە شارەوانی سلێمانی، سەبارەت بەو روداو و دەستدرێژیانەی كە كرانە سەر فەرمانبەرانمان كاردانەوەی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی لە شاری سلێمانی لێكەوتەوە كە داوای پاراستنی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018یان كردوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاتێكدا زۆر بە توندی سەركۆنەی دەستدرێژی و كردەوەی تاوانكاری تەقەكردن لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دەكات، لە هەمانكات پشتگیری داواكاری خۆپیشاندەران دەكات و هەمو رێگەیەكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی فەرمانبەران و دۆزینەوەی تاوانباران بە مەبەستی پەلكێشكردنیان بۆ بەردەم دادگاكانی هەرێم و بە سزا گەیاندنیان.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، بەردەوام دەبن لە لابردنی زیادەرۆییەكان و پاراستنی موڵكی گشتی و جێبەجێكردنی یاسا “بەسەر هەمو لایەك بە یەكسانی”.

 

Back to top button