وەزارەتی خوێندنی باڵا کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و پارالێڵ کەمدەکاتەوە
وەرگرتنی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنی پارالێڵ لە زانکۆ و پەیمانگەکان جیاوازە، ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوە کرێی خوێندن کەمبکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: بڕیارەکە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 4ـی 9ـ، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە چوارچێوەی ریفۆرم و پلانەكان بۆ پێشخستنی كەرتی خوێندنی باڵا لە كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەكاری بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان و كرێی خوێندنی پارالێڵ دەكات، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەكاری دەكات بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان و كرێی خوێندنی پارالێڵ لە زانكۆكاندا.
باس لەوەش كراوە، وەزیر خوێندنی باڵا لەگەڵ سەرۆك زانكۆ تایبەتەكان بەمەبەستی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر كەمكردنەوەی كرێی خوێندن كۆ بووەتەوە بۆ ئەمەش چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وردەكاری و هەوڵەكانی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگەی ناحكوومی هەیە كرێی خوێندنیان لە ملیۆنێك دینار تا پێنج ملیۆن دینار دەبێت.