سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 4ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و پاتریس لۆغوا جێگری كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوون، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر، سڵاوی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بە بوونی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی حكوومەتی تازەی هەرێم نیشاندا و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی كوردستان كردووە. هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بە ئیجابی سەیری باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.
ڕاشیگەیاند سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەلای فەڕەنساوە گرنگە و وڵاتەكەی ویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەوامبوونی لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانی هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی تازەی فەڕەنسا لە هەولێر خواست. وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك و حكوومەتەكانی فەڕەنسای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی داعشدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هیچ سەقفێك بوونی نییە.
هەڕەشەی تیرۆر و بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سووریا چەند تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون و، سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك ماكرۆن لەمەڕ سووریا، نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆیشی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند.
پەیوەست بە هەڕەشەی داعش و هزری توندڕۆیی سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش و هزری توندڕۆیی هێشتا چارەسەر نەكراون بۆیەشە مەترسیی بەهێزبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە.