شاخەوان عەبدوڵا : له بارهی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان كۆدەبێتەوە
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەند لایەنێكی عەرەبی لە كەركووك كۆبووەوە.
شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە كە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی سەبارەت بە دانانی پارێزگار و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و کۆتایهاتنی دۆخی سەربازی و سەپێنراوی سەر کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی بارەگای گشتیی (تەیار ئەلئیسڵاح ئەلوەتەنی) كردووە و لەلایەن شێخ سەباح ساعدی پێشوازی لێ كراوە.
ئەندامەكەی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاندووە كە هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی بابەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، سەردانی حاکم زاملی سەرکردەی دیاری تەیاری سەدری و حامد موتڵەگ سەرکردەی دیاری هێزە سونیەكان و سکرتێری پارتی (حیوار وەلتەغیر)ی كردووە.