فراكسیۆنی پارتی ههڵوێستی خۆی راگهیاند
خواكوڕك
ڕاگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سەبارەت بە بەردەوامی بایكۆت لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین
بەهۆی ئەو هاوكێشە سیاسی و سەربازی و ئابوورییانەی لە ناوچەكە و جیهان هاتنە پێشەوە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی ئابووری بووەوە، ئەمەیش ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانی قورستركرد و بەبێ جیاوازیش ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیانی هاووڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە.
ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، درك بە ماندوێتی هاونیشتیمانییانی خۆمان دەكەین و لەگەڵ داوا ڕەواكانیانین، سوپاسی خۆڕاگرییان دەكەین، بە هەموو لایەكیشی ڕادەگەیەنین، لە سەرەتای درووستبوونی قەیرانەكەوە تا ئێستا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە گفتوگۆداین، تا بە هەموومان بتوانین ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە.
بەڵام بە داخەوە بەهۆی فشاری زۆری گروپێكی سیاسی خۆسەپێن، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی خۆشەویست پەنایان بۆ بایكۆت و پەكخستنی پرۆسەی خوێندن و كاروباری یەكە ئیدارییەكان بردووە، بەو هۆیەیشەوە هاونیشتیمانییان تووشی كێشە هاتوون و ناتوانن وەك پێویست كاروبارە ئیدارییەكانییان ڕابپەڕێنن، هەروەها مەترسی لەسەر چارەنووسی زیاتر لە (750) هەزار قوتابی درووست بووە، لە ناویشییاندا ئەو قوتابییانەی كە لە پۆلی (12)ی ئامادەیین.
ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ لەكەداركردن و ناشیرینكرنی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانەی كە نایانەوێت بچنە ژێرباری داواكارییەكانیان، هەوڵی بەردەوامییدان بە بایكۆت دەدەن، ئەگینا لای هەموو كەس ئاشكرایە، كە مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەكان، درك بە سەختی قۆناغەكە دەكەن، هیچ كاتێك ئامادەنین پشت لە وڵات و حكومەتی خۆیان بكەن و ویستی زیانگەیاندنیان بە پرۆسەی خوێندن و كەرتی حكومی هەرێمەكەمانيان نییە.
ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، ئامانجییان هەرچییەك بێت، تەنها زیان بە كۆمەڵگە و سیستەمی پەروەردە و كەرتە حكومییەكان دەگەیەنن و هاونیشتیمانیان زیانمەندی یەكەمی ئامانجەكانییانن، چونكە بەهۆی فشارەكانییان بۆ بەردەوامی بایكۆت، ژمارەیەكی زۆری هاونیشتیمانییانی ئەو دەڤەرانە، لە پێناو چارەنووسی منداڵەكانییان و نەفەوتاندنی خوێندن و ماندووبوونییان، دەڤەرەكانییان بەجێهێشتوون، لە كاتێكدا پێشتر هەرێمی كوردستان بە ئەزموونی سەختردا تێپەڕیووە، بەڵام هیچ كاتێك هەوڵی پەكخستنی خوێندن و دامودەزگە ئیدارییەكان نەدراوە، تا زیان بە پرۆسەی خوێندن و كاروباری هاونیشتیمانییان نەكەوێت، بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان لە ساڵی (1991) بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
5/12/2016