نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندی HDP داکۆکى لە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا دەکاتەوە

بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکى پارتى دیموکراتى گەلان HDP بە سەرۆکایەتیى بەڕێز سەزائى تەمەللى، هاوسەرۆکى HDP کە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە هەولێر بەڕێوە چوو، جەختى لەوە کردەوە کە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن.

لاى خۆیەوە شاندى HDP وێڕاى پیرۆزبایى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست و سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى ڕابردوو و ئێستاى بەڕێز نێچیرڤان بارزانییان بۆ ئاشتى کرد و دووپاتیان کردەوە کە ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە.

لە دیدارەکدا هەردوولا دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.

Back to top button