پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی کەرکووك کۆدەبنەوە

بڕیارە شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکان و پاریزگاری کەرکووک کۆ ببنەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش رای دەگەیەنێت، لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکرێت.

محەمەد وەتمان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی وەفدی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە هەردوولا دەبێت و یەكێك لە تەوەرەكانیش پرسی كەركووكە.

وەتمان زیاتر روونی دەکاتەوە، لە كۆبوونەوەکەدا تاتوێی كاری ڕۆژانەی یەكێتی و پارتی دەکرێت و لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە گفتوكۆ دەكرێت و پرسی تایبەتی كۆبوونەوەكەش لەسەر دۆخی كەركووك و پارێزگاری كەركووك كە ماوەیەكی زۆری بەسەردا چووە.

محەمەد وەتمان گوتیشی، تا ئێستا هەر تەیب جەبار دیاری كراوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، بەڵام جێگیر نەكراوە و بڕیارەكە جێگەی خۆی نەگرتووە، نازانرێت ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری چی دەدرێت بەڵام یەكێتی و پارتی ئێستا پێوەندییان زۆر باشە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەر یەكە لە پارتی و یەكێتی لەسەر تەیب جەبار، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێككەوتن، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دانەنراوە لە جێگەی ڕاكان جبوری كە لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە وەک پارێزگار بەسەر ئەو شارەدا سەپینرا.

 

Back to top button