له‌باره‌ی نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌موو شتێك ئاشكرا كرا

خواكوڕك

دره‌نگانێكی شه‌وی 4/12/2016 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای بووجه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌هاوكاری كوتله‌ی مالكی، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ و مووچه‌ و بووجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان تێپه‌ڕێنران، شاره‌زایه‌كی ئابووریش ده‌ڵێت نه‌وتی كه‌ركوك به‌ عه‌جمه‌ نیه‌ كه‌ نیشاندراوه‌.

شاره‌زایه‌كی ئابووری ده‌ڵێت، “یه‌كێك له‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌پرۆژه‌ یاسای بووجه‌ی عێراق، كه‌ بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیار و به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان موزایه‌داتی پێوه‌ده‌كه‌ن و هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی پێوه‌ راده‌كێشن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هاتووه‌ له‌ ماده‌كه‌ بابه‌تێكی ترسناكه‌ به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌مه‌سه‌له‌ی نه‌وتی كه‌ركوك”.

ئه‌و شاره‌زایه‌ ده‌شڵێت، “به‌پێی مادده‌كه‌، هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكات له‌ نه‌وتی كه‌ركوك، ئه‌م ره‌قه‌مه‌ به‌ده‌ره‌ له‌ 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ی “كۆمپانیای نه‌وتی باكور” ده‌ریده‌هێنێت، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێشتریش هه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیای سۆمو و چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ده‌فرۆشرا و به‌كارده‌هێنرا”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “كۆی ئه‌و داواكاریه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كرێت به‌پێی پرۆژه‌ یاساكه‌، ده‌بێت كه‌ركوك رۆژانه‌ 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ پێداویستی ناوخۆ، كه‌به‌ 200 هه‌زار به‌رمیل خه‌ملێنراوه‌”.

له‌باره‌ی توانای نه‌وتی ئه‌و شاروه‌ ئه‌و ئابووریناسه‌ پێیوایه‌، “له‌ ئێستادا له‌توانای كۆمپانیاكانی نه‌وتی ئه‌و شاره‌ دانیه‌ ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی نه‌وت له‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كان به‌رهه‌مبهێنن كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 650 هه‌زار به‌رمیل له‌رۆژێكدا”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “پێده‌چێ ئه‌م رێكه‌وتن و مادده‌یه‌ ته‌نها بۆ خۆده‌رخستن یان مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی ده‌نگی له‌سه‌ر درابێت”.

Back to top button