سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: تا ئێستا بە فەرمی بڕیار لەبارەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك نەدراوە
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك گوتی، لە زۆر دەزگای راگەیاندن دەنگۆی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك بڵاو كراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە.
فەهیم عەبدوڵڵا حەمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووه: كە حكوومەتی نوێ دروست دەكرێت، ئاساییە گۆڕانكارییش بكرێت و لە ئێستادا ئەولەوییەتی حكوومەتی هەرێم رێكخستنی وەزارەتەكان و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە و دواتریش گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگاكاندا دەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ شتێكی فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكرێت، لە ئێستادا دەنگۆی زۆر بڵاو دەكرێنەوە لەبارەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك و باسی زۆر ناویش دەكرێت، بەڵام ئەوانەی بڵاو دەكرێنەوە هیچی فەرمیی نین و هەموو پێشبینییە، بۆیە كارێكی باش نییە كە شتێك فەرمی نەبێت بڵاو بكرێتەوە، ئەمە وادەكات ئەو میدیایانە راستگۆیی خۆیان لە دەست بدەن، بۆیە پێویستە شت فەرمیی بێت ئینجا بڵاو بكرێتەوە.
عەبدوڵڵا دەشڵێ: بێگۆمان گۆڕانكاری دەكرێت لە پۆستی پارێزگار و رەنگە لە ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانیش بكرێت و زۆریش دواكەوتووە، كە پێویست بوو زووتر بكرێت، بە تایبەت بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمیی هیچمان بۆ نەهاتووە.