سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ وه‌زیری پلاندانانی عێراق ده‌كات

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 10ـی 9ـی 2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ دكتۆر نووری ئه‌لدلێمی وه‌زیری پلاندانانی عێراق كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا وه‌زیری پلاندانانی عێراق پێزانینی هه‌بوو بۆ ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ قۆناغه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی سیاسیی عێراق و هه‌وڵه‌كانی بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و به‌رگریكردن له‌ پێكهاته‌كان به‌رز نرخاند.

سوپاسی سه‌رۆك بارزانی و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد كه‌ له‌ ڕۆژانی سه‌ختی شه‌ڕی داعشدا میوانداریی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی عێراقییان كردووه‌.

وه‌زیری پلاندانانی ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد كه‌ ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پارله‌مانتارانی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریكاری ماف و داواكاریی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی تری عێراقیش بن.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و پلانه‌كانی حكوومه‌تی عێراقی له‌مه‌ڕ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق و هه‌روه‌ها ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك تاوتوێ كرا.

1 

Back to top button