یەكێتی خەریكی حەلوا حەلوا گوتنە!
رێبوار كەریم وەلی
(1)
جاران لە مەسەلەی كەركووكدا، قسەیەك لەسەر پارتی هەبوو كە دەیانگوت: “لەبەر ئەوەی پارتی نفوزی لە كەركووكدا نییە، حەز ناكات بگەڕێتەوە سەر كوردستان، چونكە ئەوكاتە هاوسەنگیی هێز بەلای یەكێتیدا دەشكێتەوە”.
ئەم قسەیە راست دەرنەچوو، چونكە لە دوای حوزەیرانی 2014 ەوە كە كەركووك بە تەواوەتی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی كوردەوە و، هێڵی سووری توركیاش نەما كە بگەڕێتەوە سەر كوردستان، یەكێتی لێگەڕێ لەوەی كە بە بۆنە و بێ بۆنە باسی ماددەی 140 دەكات، هەموو هەوڵێكیشی ئەوەیە كە هەژموونی بەغدا بگەڕێنێتەوە.
كە نێچیرڤان بارزانی و عەبادی بەڕەكەیان لەژێر پێ دەرهێنان و رێگەیان نەدا چیدی بە تانكەر نەوت بەولا و ئەملا بفرۆشن و دواییش لەسەر تەلەڤزیۆنەكان باسیان لە شەفافیەت دەكرد، هەموو هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ بۆئەوەی هەرچۆنێك بێت رێگە نەدەن حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی كەركووك بفرۆشێ.
نێچیرڤان بارزانی لە هەموو نەوتی كەركووك كە دەیان ساڵە عەرەب بۆخۆیی بردووە، تەنیا 75 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ بەغدا هێشتووەتەوە و بەغداش نەك هەر رازییە، بگرە مەمنوونیشە! بەڵام سەیر ئەوەیە باڵی ماڵباتی یەكێتی كە گۆڕان و كۆمەڵیشان بەدوای خۆیان داوە، هەر پرۆژەیەكیان بۆ بەغدا هەبێ، خێرا بیر لەوە دەكەنەوە نەوتەكە رادەستی بەغدا بكەنەوە! هەر وەك خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەدیش لە نامەكەیدا بۆ سەرۆك وەزیران عەبادی، تكای ئەوەی كردبوو نەوتەكە حكومەتی بەغدا بیفرۆشێت، نەك حكومەتی هەرێم، چونكە حكومەتی هەرێم ناشەفافە!
بەڵام لە هەموو ئەو چارەسەرانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا پێشنیاز دەكرێت، عونسورێكی گرنگ نوقسانە كە ئەویش ئەوەیە هەموو لایەنەكان (جگە لە پارتی) تەنیا باس لە ئیلتیزامی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كەس باسی حكومەتی بەغدا ناكات! وەك ئەوە وایە كە بەغدا قەت بودجەی نەبڕیبێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ یەكەمجار بێت كە دەیەوێت نەوتی خۆی رادەستی سۆمۆ بكات.
كەس ئەو پرسیارە جەوهەرییە ناكات كە بۆ دەبێ بەس حكومەتی هەرێمی كوردستان مولتەزیم و خەتابار بێت؟ باشە مەگەر لەسەرەتای هاتنی عەبادی، حكومەت بۆ دوو مانگ نەوتی خۆی رادەستی سۆمۆ نەكرد؟ بەغداش دوو نیو بودجەی نارد و گوتی هەر ئەوەندەیە. یەكێتی و گۆڕان لە بەغدا بەهەمان زمانی مالیكی، بەڵام بەناوی بودجە و مووچەوە كار بۆ خەڵكی كوردستان دەكەن، ئەگەر ئەوەندە باوەڕیان بە دۆست و هاوپەیمانە شیعەكانیانە، با حكومەتی هەرێمی كوردستان خەجاڵەت بكەن و، وەك ئەو ساڵانەی كە حكومەتی هەرێم نەوتیشی نەبوو، دوو سێ مانگ لەسەر یەك بودجە بۆ كوردستان بێنن، ئەوجا ئەگەر حكومەتی هەرێم نەچووە بن بار دەردەكەوێ كێ لە خەمی خەڵكدایە. بەس بەم حەلوا حەلوا گوتنە دەمی كەس شیرین نابێ.
شەڕی ناوخۆ لە رۆژئاوا
(2)
بەریەككەوتنی پەكەكە و پارتی زۆر نزیك بووەتەوە. رەنگبێ ئەو بەریەككەوتنە بەشێوەی راستەوخۆ نەبێ، بە واتایەكی دیكە هێزی دیكە هەنە كە بە وەكالەت ئەو شەڕە بۆ هەردوولا بكەن. دوو شوێنی بەریەككەوتن لە نێوان پارتی و پەكەكە یان وەكیلەكان هەیە. یەكیان شەنگالە كە بارزانی لە دیمانەكەیدا لەگەڵ بەشی فارسیی بی بی سی، گوتی نازانێت پەكەكە لە شەنگال چ ئیشێكی هەیە، هەرچەندە كە ئێستا ئیتر شەنگال لە داعش پاك كراوەتەوە. ئەوەی دیكەیان رۆژئاوای كوردستانە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی كە پەكەكە بۆ كپكردنی ناڕەزایەتییەكان لە ئیدارەی خۆی، نەیارانی لە پارتە كوردییەكانی دیكە لە زیندان پەستاوە.
لە دوا هەنگاویشیدا، لە عامودا ئاڵای كوردستانیان سووتاند. پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەشەوە زۆر توند بوو و بەڵێنی سزادانی ئەوانەی تێدابوو كە بێڕێزییان بە ئاڵای كوردستان كردبوو. بۆیە رۆژ بە رۆژ زیاتر نیشانەكانی ئەو بەریەككەوتنە دەردەكەون. ئەگەر پەكەكە لە شەنگال نەكشێتەوە و بیەوێ درێژە بەو سیاسەتە دووفاقییەی بدات كە لە رۆژئاوای كوردستان هێزی دیكەی سەربازی نەبێ، بەڵام خۆیان بۆیان هەبێ لە هەر شوێنێك حەزیان لێ بوو هەبن، ئاوا ئەوەیان هەتا سەر بۆ ناچێتە سەر.
پارتی لە شەنگال بە هێزی ناوچەیی و بە پشتیوانیی توركیا، باڵادەستیی خۆی دەسەپێنێتەوە و ئینجا شەڕێكیش دەباتە ناو رۆژئاوای كوردستان و، لەوێش پەلاماری پەكەكە دەدات. فاكتەری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی یاریدەدەرە بۆ ئەوەی پارتی لە هاوكێشەكاندا خۆی باڵادەست ببینێت، بەتایبەتیش كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا، متمانەیەكی زۆری بە رۆڵی بارزانی لە داهاتووی ناوچەكەدا هەیە. بۆیە ئەگەر پەكەكە دەربەستی ئەوەیە كە خوێن نەڕژێت، دەبێ واز لەو دووفاقییە بێنێت.
خۆی كەم بوو، دایكیشی هاتە سەر!
(3)
وتارەكەی گەلاوێژخانی دایكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە پێدەچێ لەژێر حەماسی فێستیڤاڵی خانەوادەگیی گەلاوێژدا نووسرابێت، رووی لە دوو جێگرەكەی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام سەیر ئەوەیە كە ئەو دوو برادەرە نەیانگوتووە جێی مام جەلال دەگرنەوە، چونكە نە ئەم عەسرە هی ئەوەیە رێگە بدات مام جەلالێكی دیكە دروست بێتەوە، نە یەكێتیش یەكێتیی سەردەمی مام جەلالە! ئینجا خودی مام جەلالیش لە بەڕێوەبردنی یەكێتیدا فەشەلی هێنا، ئەگەرنا بۆ دەبوو گۆڕانی لێ جیا ببێتەوە و لە حیزبی یەكەم و دووەمی كوردستانەوە ببێتە حیزبی سێیەم؟!
ئەوانەی ئەمڕۆ دەستیان بەسەر یەكێتیدا گرتووە، ماڵباتی مێردەكەی گەلاوێژخان و تاڵەبانین نەك خەڵكی دیكە. بۆیە پێدەچێ سیستەمی بنەماڵەیی لە یەكێتی خۆش هاتبێت و خۆزگە زوو دەركیان بەو راستییە كردبایە، ئەوكاتە مێژووی كورد بە ئێرە نەدەگەیشت.