پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو كە بناخەیەكی پتەوی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری دانا.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە، كادیر، مامۆستا، قوتابی، ئافرەت و، هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە و، بۆ یەك ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەباتیان كرد و مێژوو و سەروەرییان تۆمار كرد. ئەو دەستكەوت و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم و درێژكراوەی قۆربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. هەر لەم شۆڕشەدا بوو كە ئیرادە و خۆڕاگری و خۆشەویستیی نیشتیمان لەناو ڕیزەكانی گەلەكەمان ئەوەندە بەهێز بوو كە هەمیشە دوژمنی پڕچەك لەبەرانبەریدا دەشكا و، دواجار ئەو ئیرادەیە دوژمنی هێنایە سەر مێزی دانوستان.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەم بەگژداچوونەوەی ستەمكاری بوو، هەمیش پێگەیاندنی مرۆڤی كوردستان، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان مافەكانی خۆی بناسێت و بەهای بەرزی مرۆڤانە و كوردپەروەرانە لەناو خەڵك و كادیران و پێشمەرگەدا دروست بێت. بە جۆرێك كە لەبەرانبەر دوژمنیشدا تەنانەت بۆ جارێكیش، شۆڕش دەستی بۆ كردەوەیەك نەبرد كە ناكۆك بێت لەگەڵ بەها و یاساكانی جەنگ.
وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە چرا و ڕێنیشاندەر بۆ داهاتوومان و نەوەكانی ئاییندە.
لە یادی پەنجا و هەشت ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە و ئەو تێكۆشەرانە كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە و ماندوونەناسانە قوربانییان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەیش كە هێشتا لە ژیاندا ماون. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
مسعود بارزانی
10ـی ئەیلوولی 2019