“پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەنجا و هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول

بەبۆنەی پەنجا هەشت ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بلاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە:” شۆ ڕشی ئەیلول گەورەترین شۆڕشی خەڵکی کوردستان بوو دژی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە ژێر یەك سەرکردایەتیدا رووبەڕووی ستەمکاریی بوونەوە و کوردستان ببووە پەناگەی هەمووی ئازادیخوازانی عێراق”.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت

ئەمڕۆ پەنجاو هەشت ساڵ بە سەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول تێدەپەڕێت کە بە درێژترین و مەزنترین شۆڕشی گەلی کوردستان دادەنرێت بە سەرکردایەتی رێبەری نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی نەمر.

شۆڕشی مەزنی ئەیلول کە لە یازدەی ئەیلولی 1961 دەستی پێکرد و سەرتاسەری کوردستان گرتەوە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد، گەورەترین شۆڕشی خەڵکی کوردستان بوو دژی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە ژێر یەك سەرکردایەتیدا رووبەڕووی ستەمکاریی بوونەوە و کوردستان ببووە پەناگەی هەمووی ئازادیخوازانی عێراق.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرە بەشدارەکانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە، بەها و پرنسیپە بە نرخەکانی ئەو شۆڕشەشمان لە یادن وەك خۆڕاگری و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە جێی شانازیمانن و ئومێدەوارین هەر بە زیندوویی بمێننەوە و خەڵکی کوردستانیش بە هەمان گیانی تەبایی و یەکڕیزی پارێزگاری و داکۆکی لە ماف و دەسکەوتەکانیان بکەن .

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و

سەری رێز و نەوزاش بۆ شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

11 ی ئەیلولی 2019″

Back to top button