شوان زراری: نرخی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەم دەکرێتەوە

پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ یەکێک لەو پڕۆژانەیە کە پەیوەندیی بە ھاووڵاتیانی کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستانەوە هەیە و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش ئاشکرای کرد، ئێستا پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا دەکرێت و نرخی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەم دەکرێتەوە.

شوان زراری ، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستان به‌ ده‌زگایی میدیایی (خواكوڕك) ـی ڕاگەیاند: پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە بۆ پێداچوونەوە، چونکە پڕۆژەیاساکە پەیوەندیی بە بابەتی پارەوە ھەیە و دەمانەوێ پڕۆژەیەك لە پەرلەمانەوە دەربکرێت کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆ نموونە لەنێو سەنتەری ناحیەدا بۆ ھەر مەترێک ٣٠ھەزار دینار دیاری کراوە، لە ھەندێ ناحیە نرخی زەوی زۆر بەرزە و ڕەنگە کێشە لە وەرگرتنی پارەدا نەبێت، بەڵام نایشارینەوە لە ھەندێ ناحیە پارچەیەك زەوی نرخی بە چەند ملیۆن دینارێکە، چۆن دەکرێت دوو ئەوەندەی نرخی خۆی تەنیا بۆ تاپۆکردنەکەی وەربگیرێت.”

زراری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پەرلەمان مەبەستییەتی پڕۆژە یاسایەک دەربکات بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت و دوای پێداچوونەوەش لە وەزارەتی شارەوانی، پڕۆژەیاساکە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت، بەوەش دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی خاتووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان بێنین.

 

Back to top button