جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لەعێراق لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازی لێ کرا
سەرۆك بارزانی: داعش لە ڕواڵەت و شەڕی بەرەییەوە تێک شکاوە ، بەڵام کار دەکەن بە سەرهەڵدانەوەی دووبارە
ئەمڕۆ چووارشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین ، پێشوازی لە برایان مەکفیتێرز، جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق كرد.
لەم دیدارەكەدابە ئامادە بوونی ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر بەرێوە چوو ، جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق وێرای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە ، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا بەرز نرخاند و ڕایگەیاند ئامانج لەم سەردانە بۆ وەرگرتنی دیدو بۆچوونی سەرۆک بارزانییە سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتی و بەردەوامی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا. .
گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەرێم باسێکی سەرەکی دیدارەکەیان تەرخان کرد و سەرۆک بارزانیش وەک هەمیشە پشتیوانی لە دیالۆگی بەردەوام بۆ چارەسەری کێشەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کورد پابەندی دەستووری عێراقە .
سەبارەت بە مەترسیەکانی داعش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەگەرچی داعش لە روواڵەتدا شکستی هێناوە ، بەڵام ئەوان خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و دۆخی ئێستاش لەوانەیە یارمەتیدەریان بێت ..
سەرۆک بارزانی هەروەها گووتی : ئەو هۆکارانەش کە داعشیان پەروەردە و دروست کرد ئێستاش وەک خۆیان بوونیان هەیە و چارەسەر نەکراون.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی سهد و چل تاتوێ كران و سەرۆک بارزانی بە گرینگترین کێشەی ئەمڕۆیی وەسف کرد
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا سەرۆک بارزانی نیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بەداهاتووی گەلی کورد لە سووریا بە شاندی میوان گەیاند و داوای ئەمریکا شێلگیرانەتر لەم بارەوە هەڵویست بگرێت