بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پارتی كۆنفرانسێك لە ژێر ناونیشانی (پارتی لەنێو گۆڕانكارییەكاندا، هەڵسەنگاندنێك بۆ ئێستا و نەخشەڕێگایەك بۆ داهاتوو) بەڕێوەچوو
بە مەبەستی ئاگادری لە گۆڕانكاری و هەلەسەنگاندنێك بۆ دۆخی ئێستاو داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتییەوە، بە هاوكاریی كۆمەڵێك شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنفرانسێك لە بارەگانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێری پارتی كۆنفرانسی (پارتی لەنێو گۆڕانكارییەكاندا، هەڵسەنگاندنێك بۆ ئێستا و نەخشەڕێگایەك بۆ داهاتوو) بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا كە بەرپرس و كارگێرانی لق و دەستەی رێكخراوە جەماوەریەكان هەرسێ توێژی لاوان و قوتابیان وئافرەتان بەشدار بوون جێگری سەرۆكی پارتی وتارێكی پێشكەش كردوو ئاماژەی بە ڕۆڵ و كاریگەریی ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی قوتابیان، لاوان و ئافرەتان كرد كە توێژی هەرە زیندوو و كاریگەری كۆمەڵگەن و زامنی بەردەوامی و نوێبوونەوەن، هەروەها جەختی لە كاركردن بۆ حوكمڕانییەكی دروست، پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كۆمەڵگە و هەبوونی پرۆگرامی بەڕێوەبردنی لە ئاست متمانەی خەڵكدا، كردەوە.
هەروەها جێگری سەرۆكی پارتی دووپاتی كردەوە كە پارتی دەرفەتی سەركەوتنی گەورەی لەپێشە و دەتوانێت داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان دەستەبەر بكات و وەك نموونەش ساڵانی سەختی ڕابردووی بیرهێنایەوە كە وێڕای هەموو ئەو ئاڵۆزی و ئاستەنگەكان پارتی توانی لە چوارچیوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە پاراستن و بنیاتنانەوەی وڵات و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان، لە هەموو ڕوویەكەوە ڕۆڵی پێشەنگ و كاریگەری خۆی ببینێت و ببێتە پارێزەری كوردستان و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان.
بەڕێز جێگری سەرۆكی پارتی هەروەها جەختی لە گرنگیی قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن لەنێو سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا و نەبوونی ململانێ سیاسییەكان بە هۆی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی هاووڵاتیان كردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە پارتی وەك حیزبێكی حوكمڕان و كاریگەر لە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێ پەیوەندییەكانی لەنێو حیزب و دامەزراوە فەرمییەكاندا ڕێكبخاتەوە بە جۆرێك لە خزمەتی بەرەوپێشچوونی حوكمڕانییەكی سەردەمیانە و سەركەوتوودا بێت لە كوردستان و ببێتە نموونەی حوكمڕانییەكی مەدەنیی پێشكەوتووی مایەی ڕەزامەندیی هەموو خەڵكی كوردستان.
بەڕێزیان داوای لە كادیرانی پارتی كرد بە هەمان گیانی پێشوو لە تێپەڕاندنی سەختی و قەیرانەكان، پشتگیری لە كابینەی (9)ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و هەموو خۆیان بكەنە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.