فرسەت سۆفی: بە هەموو توانایەكەوە هەوڵ دەدەین هەولێر زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆی 28 دەنگ، بە دەنگی 27 ئەندامی ئەنجوومەنەکە د. فرسەت سۆفی، بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا.
لە پرێسكۆنفراسێكیدا، كاندیدی نوێی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، كە بە هەموو توانایەكیانەوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان شارەكە بەرەو پێشەوە ببەن، هاوكات ئەوەیشی گوت، كاتێ بە پێی یاسا لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە مەرسوومی بۆ دەرچوو، دیدگا و بەرنامەی خۆی لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگادا دەخاتە روو.
ئەمڕۆ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی، لە میانەی پرێسكۆنفراسێكدا رایگەیاند، ئەو بەرپرسیارێتییەكی گەورەی كەوتووەتە سەر شان، هەروەها ئامانجی گەورەیان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەولێرە بێ جیاوازی.
هاوكات سوپاسی پارێزگاری پێشوو نەوزاد هادی كرد، كە كاری گەورەیان بۆ شارەكە كردووە، جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەوان درێژەپێدەری كار و پڕۆژەكانی پێشوو دەبن و هەوڵیش دەدەن لەگەڵ هەموو لایەك بە یەكەوە كەموكوڕییەكانیش چارە بكەن.
راشیگەیاند، كە بەوپەڕی تواناوە هەماهەنگییان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەبێ، هاوكات لەگەڵ سەرجەم پارت و لایەنەكانی شارەكەشدا هەماهەنگییان دەبێ، گوتیشی: “هەمووان دەبێ پێكەوە هەوڵ بدەین هەولێر لە ریزی پێشەوە بێ و پارێزگاری ئەم شارە بین”.
سەبارەت بە دیدگا و بەرنامەی خۆیشی، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە داهاتوودا و هەر لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەیخەینە روو، بەو پێیەی جارێ مەرسوومی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ دەرنەچووە، تا لە بەردەم سەرۆك سوێندی یاسایی دەخوات، ئەوكات پۆستەكەی دەبێتە یاسایی.
فرسەت سۆفی:
– لە ١٩٧٨ لە گوندی گەزنەی قەزای چۆمان لەدایک بووە
– خێزاندارە
– دکتۆرا و ماستەری لە یاسای گشتی هەیە
– مامۆستا و وانەبێژە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
– ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بووە
– ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بووە
– ئەندامی لێژنەی باڵای ڕیفراندۆم بووە
– ئەندامی لێژنەی باڵای چاکسازی بووە