سیروان ڕۆژبەیانی: حەشدی شەعبی دەیویست من و پەرلەمانتارێكی فراکسیۆنی پارتی بە بارمتە دەستگیر بكات

چه‌كدارانی حەشدی شەعبی له‌ نزیك گەڕەکی گوبجەلیلی شاری مووسڵ بۆسه‌یه‌كیان بۆ كاروانی جێگری پارێزگاری مووسڵ داده‌نێن و چه‌كدارانی حەشد به‌ كلاشنكۆف هێرشیان ده‌كاته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلی پاسه‌وانه‌كان، كۆتا ئۆتۆمبێلی پاسه‌وانی جێگری پارێزگای مووسڵ كه‌ چوار پاسه‌وانی تێدابووه‌ بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن.

جێگری پارێزگاری مووسڵ لە پیلانێکی حەشدی شەعبی ڕزگاری ده‌بێت، له‌ نزیك گەڕەکی گوبجەلیلی شاری مووسڵ، بۆسه‌یه‌كیان بۆ دادنێن رێگری له‌ كاروانی جێگری پارێزگاری مووسڵ ده‌كه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ كلانشكۆف هێرشیان ده‌كه‌ن سه‌ر.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، هاتووه‌ دوێنێ کاتێک لەگەڵ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دەمانویست لە مووسڵەوە بگەڕێینەوە بۆ شاری ھەولێر لە بازگەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە دەکەوێتە گەڕەکی گوبجەلیلی شاری مووسڵ، پیلانێك دژی ئێمە دانرابوو، بەڵام پیلانەکە شکستی ھێنا، چونکە حەشدی شەعبی دەیویست جێگری پارێزگار و پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی بە بارمتە دەستگیر بکات.

سیروانی رۆژبه‌یانی جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت: من وەک جێگری پارێزگاری مووسڵ بەردەوام ھاتوچۆ دەکەم و ھەماھەنگییش ھەیە بۆ ھاتوچۆمان، بەڵام ئەوەی دوێنی ئێوارە ڕووی دا پیلان بوو، چونکە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە لە بازگەکە تێ پەڕی و خۆمان پێ ناساندن، بەڵام کۆتا ئۆتۆمبێل ڕێگریی لێ کرا و دواتر زۆر ھەوڵماندا کێشە دروست نەبێت، بەڵام بەداخەوە چەکدارانی حەشدی شەعبی خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، دەستیان بە تەقە کرد، خۆشبەختانە ڕووداوەکە ھیچ زیانی گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بۆم دەرکەوت بەپیلان ڕێگری کراوە و سوپاسی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەم توانییان پارێزگاریمان لێ بکەن و ڕۆڵیان لەبەرچاوە.

سیروان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەشێکی ئەو ھێزانەی ئێستا لەنێو مووسڵدان، بەتایبەتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی خۆیان بەشێکن لە ئاڵۆزییەکان و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە لایەن حەشد و سوپای عێراقەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای حەمدانیە بە ناوی داود بابە یەعقود، گەورەترین سووکایەتیی پێ کراوە، واتە ئەو ھێزانە بەردەوام کێشە بۆ خەڵکی مووسڵ دەنێنەوە.

 

 

Back to top button