شوێنگرەوەی رامۆس و ناچۆ بۆ یارییەکەی پاریس دیاریکرا
زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لیستی یاریزانانی یانەکەی بۆ یاری بەرامبەر بە پاریس سانجێرمان ئامادەدەکات و لە نائامادەیی رامۆس و ناچۆشدا تووشی کێشە دەبێت.
بۆ یارییەکەی رۆژی چوارشەممە لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەریەکە لە سێرخیۆ رامۆس و ناچۆ فێرناندێز بەهۆی راگیرانەوە یاری ناکەن.
رامۆس لە یاری چوونی قۆناخی شازدەی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بە ئایاکس بە ئەنقەست کارتی زەردی بەخۆی دا، بەڵام دواتر لەلایەن یۆفاوە بۆ دوو یاری راگیرا، ناچۆش لە یاری گەڕانەوەدا بەرامبەر بە ئایاکس کارتی سووری وەرگرت.
زیدان بۆ ئەو یارییە بیر لە یاری پێکردنی ئیدێر میلیتاو دەکاتەوە، کە تاوەکو ئیستا هەلی یاریکردنی لە ریال مەدرید پێنەدراوە، بۆیە زیزۆ هەوڵدەدات بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر بە لیڤانتی یاری بە رامۆس و و ناچۆ بکات و پشوو بە ڤاران بدات، کەمێکیش یاری بە میلتاو بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ کەش و هەوای ریال مەدرید رابێت، بەڵام ئەوەی کێشەی بۆ یانەی ریال مەدرید دروستکردووە، نەبوونی بەرگریگەری پێویستە لەسەر کورسی یەدەگ.