دوو بەرپرسی یەکێتی ١٨ ملیار دیناری سلێمانی دەخۆن
پەرلەمانتارێکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، دوو بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ١٨ ملیار دیناریان لە کۆی ئەو ٢٠ ملیار دینارە خەرج کردووە کە بۆ پڕۆژەی پایتەختی ڕۆشنبیری تەرخان کرابوو.
بەپێی زانیارییەکان ئهمرۆ یەك شەممە ١٥ی ٩ی ٢٠١٩، لێژنەیەك لە پەرلەمانی کورستانەوە دەچێتە سلێمانی، بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی خەرجکردنی ٢٠ ملیار دینارەکەی پایتەختی رۆشنبیری.
دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو ٢٠ ملیار دینارەی پایتەختی رۆشنبیری، ١٨ ملیاری بە واژۆی وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری پێشووی سلێمانی خەرج کراوە.
هەریەك لە خالید دۆسکی، وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری و لاوان و ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری پێشووی سلێمانی بوون کە هەردووکیان لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پۆستەکانیان دان.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ڕوونیشی کردەوە، تەنیا ٢ ملیار دینار لە کۆی ٢٠ ملیار دینارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری، بە واژۆی بەرێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی خەرج کراوە و ”ئەگەر ئەو پرسە یەکلایی نەکرایەوە، کێشەکە دەبەینە بەردەم دادگا“.