سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا پەیامێکی بڵاو کردەوە .
ئەم پەیامە بە بۆنەی ٥٠ ساڵەی یادی دڵتەزێنی کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا لە سنووری قەزای زاخۆ بڵاو کرایەوە کە ڕەژیمی بەعسی ڕووخاو ئەنجامی دا
دهقی پهیامی سهرۆكی ههرێمی كوردستان:
ئەمڕۆ لە یادى پەنجا ساڵەى کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریای ناوچهی زاخۆدا، کە ساڵى 1969 لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە ئەنجام درا و تیایدا (39) کەس لە منداڵ و ژن و پیاوى مەسیحى و موسڵمان پێکەوە شەهید کران و زیاتر لە (20) کەس بریندار بوون، بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە و سەرى ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.
کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریا یەکێکى دیکە بوو لەو زنجیرە تاوانەى بێ جیاوازى دەرهەق بە هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى کوردستان ئەنجام دەدران. هەمان ساڵ لە گوندى دەکاى سنوورى ئاکرێش زیاتر لە (70) منداڵ و ژن لە ئەشکەوتێکدا سووتێنران.
لەم یادەدا دووپاتى دەکەینەوە، کە هەرێمى کوردستان وەك هەمیشە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بۆ هەمووان دەمێنێتەوە و داواکارین کەیسى گوندی سۆریاش لە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق یەکلا بکرێتەوە و کەسوکارى قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە.
سڵاو و دروود بۆ گیانى ههموو شههیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی