كاسیاس باسی یوڤێ و مۆرینیۆ و باڵۆن دۆر ده‌كات

ئیكه‌ر كاسیاس، گۆڵپارێزی به‌ناوبانگی ئیسپانی، له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاری هه‌وادارانی دایه‌وه‌ و باسی مۆرینیۆ و یوڤێنتوس و باڵۆن دۆری كرد.

له‌باره‌ی ئه‌و تیپه‌ی كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌مساڵی چامپیۆنزلیگ به‌ربژێری ده‌كات؟ كاسیاس گوتی “ئه‌گه‌رچی زووه‌ یانه‌یه‌ك بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ی، به‌ڵام به‌ بۆچوونی یوڤێنتوس نزیكترین پاڵێوراوه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌، چونكه‌ تیپێكی به‌هێزی دروستكردووه‌”.

گۆڵپارێزی یانه‌ی پۆرتۆی پۆرتوگالی، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ش سه‌باره‌ت به‌ خۆزێ مۆرینیۆی راهێنه‌ری پێشووی؟ گوتی “من هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ مۆرینیۆ نییه‌، هه‌ندێ كاتی باشمان پێكه‌وه‌ هه‌بوو، هه‌ندێكجاریش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوون، به‌ڵام من رقم لێی نییه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ پاڵێوراوی بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆریش، پرسیاری لێكراو ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا گوتی “ڤان دایك ئاستێكی جیاوازی پێشكه‌شكردووه‌، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته‌ بڵێم كام یاریزان شایه‌نیه‌تی، پێویسته‌ بۆ هه‌ر هێڵێكی یاری خه‌ڵاتێك دابنێن”.

كاسیاس وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌شی دایه‌وه‌، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ باشترین گۆڵپارێزی ئێستای جیهان به‌ بۆچوونی ئه‌و و گوتی “ئه‌وه‌ پرسیارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێت یه‌كێكیان ده‌ستنیشان بكه‌م، ده‌ڵێم یان ئۆبلاك”.

گۆڵپارێزی پێشووی یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی، باسی چاڤی هێرناندێزی كاپتنی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنای كه‌ته‌لۆنیشی كرد و گوتی “چاڤی سیفه‌ته‌كانی راهێنه‌ری سه‌ركه‌وتووی هه‌یه‌، دڵنیام ئه‌و ده‌بێته‌ راهێنه‌رێكی گه‌وره‌، هه‌روه‌ها رائوول و ڤاڵدێز و چابی ئه‌لۆنسۆش”.

Back to top button