فەرسەت سۆفی: دەست بەکاربوو
دوای ئەوەی دوێنێ فەرسەت سۆفی لەبەردەم سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری نوێی هەولێر، فرسەت سۆفی، لە رێوڕەسمێکدا دەستی بەکارەکانی کرد.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی ئالوگۆڕی پارێزگار رایگەیاند: ” سوپاسی ماندووبونی نەوزاد هادی لە ڕابردوو دەکەین وەکو ئەندازیارێک لە هەر شوێنێک کاری کردبێت جێ پەنجەی دیار بووە و هیوادارم لە ئەرکە نوێیەکەی سەرکەوتوو بێت”.
هەڕوەها وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند: “پیرۆزبایی لە د. فرسەت دەکەم، وەکو کادیرێکی ئەکادیمی و ئیداریی هەولێر دەست بەکارەکانی دەکات لە ناو خەڵک هاتووە و دەتوانێت لە ئێش و ئازاری خەڵک تێبگات”.
لای خۆیەوە نەوزاد هادی، پارێزگاری پێشووی هەولێر گووتی: “هیوادارم هەموو یەکە ئیدارییەکان پاڵپشتی تەواوی د. فرسەت سۆفی بکەن کە بە هەستێکی نیشتیمانپەروەرانە کارەکانی دەکات”.
هەر لە مەراسیمەکە فرسەت سۆفی بەڵێنی خزمەتکردنی خەڵکی هەولێری دا و رایگەیاند: “شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەک تاکو بتوانین خزمەتی زیاتری خەڵکی ئەم شارە بکەین و داواش دەکەم هەموومان بە یەک تیم کارەکان بکەین چونکە کەسمان بە تەنها هیچ نین”.